ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاک ئەولحەسەن موکری، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ۷۳ ساڵیدا لە شاری پاوە کۆچی دوایی کرد.
کاک ئەولحەسەن خەڵکی ئاوایی "دەرەهەجیج" و لە پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی شاهۆ بووە کە لە چەندین بەرەنگاریدا دژ بە جاش و پاسدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەشداریی چالاکانەی هەبووە.
ناوبراو ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە یەکێک لەو چالاکییانەدا بریندار دەبێ و دواتر بەداخەوە لاقێکی لەدەست دەدا.
ناوبراو وێڕای لەدەستدانی کەمئەندامبوونی، زیاتر لە چوار ساڵیش زیندانیی سیاسی بووە، بەڵام هەرگیز بۆ ساتێکیش له ڕێبازی حیزبی دیمۆکرات پاشگەز نەبوویەوە.
هەروەها کوڕێکی ناوبراو بە ناوی شاهۆ موکری ماوەیەک لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان بوو و ئێستا ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی هەورامان لە شاری پاوە ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی نیشتمان کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.