کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: دەیان خۆپیشاندەر لە بەندیخانەکانی ئێراندا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

09:35 - 20 گەلاوێژ 2726

کۆمیتەی بەدواداچوونی دەسبەسەرکراوان بە بڵاوکردنەوەی ناوی زیاتر لە ٦٠ بەندکراو ڕایگەیاند ئەو بەندکراوانە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسەرە.

ئەو کۆمیتەیە نووسیویەتی: «دەیان و ڕەنگە سەدان خۆپیشاندەری تریش لە بەندیخانەکانی ئێراندا ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان بوونەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک دەربارەی شوناس یان دۆخی دۆسییەکانیان بڵاو کرابێتەوە».

ئەم گرووپە مافی مرۆییە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونی مانگەکانی ڕابردوو ئەوەی نیشان داوە کە لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا، شوناسی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبارەوە هەبووە، تەنها دوای جێبەجێکردنی سزاکە و ڕاگەیاندنی فەرمیی لەلایەن میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە ئاشکرا بووە.

ئەو کۆمیتەیە ئەوەشی خستەڕوو کە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆخی دۆسییەکان دەکرێت ڕێگرییەکە بێت لە بەرانبەر پرۆسە ناڕوونەکانی بەرەوەپێشچوونی ئەو دۆسییانەی کە پێچەوانەی بنەمای دادگاییکردنی دادپەروەرانەن.

ئەو کۆمیتەیە جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە بێدەنگی و ملكەچبوون بۆ هەڕەشە ئەمنییەکان، نابێتە هۆی پاراستنی گیانی بەندکراوان یان ئازادکرانیان.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، لە مانگی ٧ی زایینیدا، ٧١ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ٢٦ بەندیخانەی ئێراندا تۆمار کراوە و لەو ڕێژەیە، ٧ بەندکراوی سیاسی (پێکهاتوو لە ٦ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی) لە سێدارە دراون.

شایانی باسە زیاتر لە ٩٤٪ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراون و ٦٧٪یان بە شێوەی گرووپی ٢ تا چەند کەسی لە سێدارە دراون.