کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لەسەر داوا ڕەواکانیان بەردەوامن

11:08 - 20 گەلاوێژ 2726

بەندکراوانی ئەندام لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، لە ١٣٣ـەمین حەفتەی چالاکییاندا، لە ٥٩ بەندیخانەی ئێراندا لە مانگرتن لە خواردنیان بەردەوامن.

لە سەرەتای بەیاننامەی ئەم حەفتەی کەمپەینەکەدا هاتووە کە "حکوومەتی پەت و سێدارە لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ـەوە تاکوو ئێستا، بە لانیکەمەوە ٣٤٢ بەندکراوی لە سێدارە داوە".

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە "لەو نێوانەدا ١٠ ژن، ٢ کەس کە لە کاتی دەرچوونی سزاکەدا منداڵ بوون و ٢٧ بەندکراوی سیاسی دەبینرێن".

هەروەها لەو بەیننامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لە حەفتەی ڕابردوودا دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە شیراز، بە ناوەکانی موجتەبا دێهبەندی و کیانووش حەمزەیی، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. پڕۆسەی بەناو دادگاییکردنی ئەم دوو بەندکراوەش، وەک زۆرێک لە بەندکراوانی دیکە، نادادپەروەرانە و ناڕوون بووە".

هەروەها سەبارەت بەو پڕۆسەیە، نووسەرانی ئەو بەیاننامە نووسیویانە: "حکوومەتی ستەمکاری دەسەڵاتدار دەیەوێت بەم لەسێدارەدانانە، کەشوهەوایەکی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا دروست بکات تا لەو ڕێگەیەوە هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی کپ بکات".

لە بەشێکی دیکەدا باس لەوە کراوە کە "ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان سپاسی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانەش هونەرمەندان دەکەین کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیرییان لەو کەمپەینە و بنەماڵەی لەسێدارەدراوان دەکەن".

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا داوا لە سەرجەم خەڵکی ئێران لە توێژە جیاوازەکان کراوە وەک خانەنشینکراوان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا دژی لەسێدارەدانە هەوسارپچڕاوەکان دەست بە ناڕەزایەتی بکەن و پشتگیریی بێمەرجی خۆیان بۆ کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان ڕابگەیەنن.