مەجیدڕەزا حەریری، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران و چین، لە هۆشدارییەکی تونددا بۆ دەسەڵاتدارانی تاران داوای کۆتاییهێنانی بەپەلەی بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە کرد و ڕایگەیاند: "چ بە تکا، چ بە ھەڕەشە یان شەڕ دەبێت ئەم گەمارۆیە ڕابگیرێت؛ چونکە لێکەوتەکانی لە خودی شەڕ وێرانکەرترن."
حەریری لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "خەبەر ئانلاین" ئاماژەی بەوە دا کە ئێران لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا تووشی ئەم هەموو قەیرانە ئابوورییە نەببووەوە.
ناوبراو بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکە ڕەخنەی لە هەوڵەکانی ڕێژیم گرت و وتی: "دەورلێدانی گەمارۆکە هەمان هەڵەی سزاکانە کە ئابووریی داڕماو و گەندەڵیی گەورەی لێکەوتەوە."
حەریری ڕوونی کردەوە گواستنەوەی کانتینێرێک بە کەشتی لە چینەوە ٣ هەزار دۆلارە، بەڵام بە ڕێگەی وشکانی دەگاتە ١٢ هەزار دۆلار.
بە وتەی ئەو، بەهۆی گەمارۆکەوە ساڵانە زیاتر لە ١٨ میلیارد دۆلار خەرجیی زیادە بەسەر ئابووریی ئێراندا دەسەپێت؛ ژمارەیەک کە لە تەواوی بودجەی پێویستی ساڵانەی ئێران بۆ هاوردەکردنی دەرمان و کەلوپەلە بنەڕەتییەکان (کە کەمتر لە ١٥ میلیار دۆلارە) زۆر زیاترە.