تام کاتن، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە واشنگتۆن دەبێت لە پشتیوانیکردنی "دۆستان و هێزەکانی ئازادی" لە سەرانسەری جیهان، لەوانەش ئەو خەباتکارانەی دژی دیکتاتۆریی ئیسلامگەرا لە ئێراندا شەڕ دەکەن، بەردەوام بێت.
کاتن بە بەراوردکردنی دۆخەکە لەگەڵ سیاستەکانی ڕۆناڵد ڕیگان لە بەرانبەر کۆمۆنیزمی شۆرەویدا، جەختی کردەوە کە ئەمریکا دەبێت لە پاڵ ئەو لایەنانە ڕاوەستێت کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی خۆیان تێدەکۆشن.
ئەم سێناتۆرە ئەمریکاییە بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ کە وتبووی یارمەتی لە ڕێگایە، وتی: "دەبێت لەبەرچاوی بگرین کە خەڵکی ئێران یەکەم و گەورەترین قوربانیی توندئاژۆوە ئینقلابییەکانی ڕێژیمی تارانن و زیانی گەورەیان پێگەیشتووە. ئەوان شایستەی داهاتوویەکی زۆر باشترن؛ ڕزگاربوونی ئێرانیش، جیهان و ئەمریکا ئارامتر و ئاسوودەتر دەکاتەوە."