لە درێژەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی لە یەمەن و عەرەبستان، کەشتییەکی دیکەی بازرگانی کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە سێ سەرنشینی کەشتییەکە، گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوە سەربازییەکانی کەناراوی ڕۆژاوای یەمەن بڵاویان کردەوە کە چەکدارانی حوسی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰ی گەلاوێژ، هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانی لە گەرووی بابولمەندەب، کە بەو هۆیەوە سێ ئەندامی تیمی کەشتییەکە کوژران.
لەو پێوەندییەدا، تۆڕی هەواڵدەریی «ئەلعەرەبییە» ڕاگەیاند کە ئەم کەشتییە بە مووشەکێکی بالیستیک پێکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم هێرشەی حوسییەکانی یەمەن دوو هاووڵاتیی پاکستانی و هاووڵاتییەکی ئەندۆنێزیایی گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند: «چەکدارانی حوسی بە درێژایی شەوی ڕابردوو، دەیان دڕۆن و مووشەکیان ئاراستەی بەندەر و شاری ئەلمەخا کردووە، کە ژمارەیەکیان خرانە خوارەوە».
ئەم سەرچاوە سەربازییە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هێرشەکە بۆ سەر ئەم کەشتییە لە ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، لە ناوچەکانی ڕۆژاوای پارێزگای تەعزەوە ئەنجام دراوە.
لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا ئەو گرووپە تێرۆرسیتییەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندین هێرشی سەرەڕۆیانە و خوێناوییان دژی کەشتییە بازرگانییەکان و خەڵکی ئاسایی وڵاتانی ناوچەکە لەوانەش یەمەن و عەرەبستان ئەنجام داوە کە بەو هۆیەوە دەیان کەس کوژراون یان بریندار بوون.