لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران بەهۆی کوژرانی زنجیرەییی فەرماندە باڵاکانی لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا تووشی داڕمانی بەرفراوان لە پێکهاتەی سەربازیدا بووەتەوە، موجتەبا خامنەیی شەش فەرماندەی نوێی بۆ ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان، سپای تێرۆریستی پاسداران و بەسیج دیاری کرد؛ هەنگاوێک کە ئاشکرای دەکات تاران لەجیاتی دانوستان، پەنای بۆ توندئاژۆترین کەسەکان بردووە.
بەپێی زانیارییەکان، پاسداری تێرۆریست ئەحمەد وەحیدی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی تێرۆریستی لە ئارژانتین و بەیرووت داوا کراوە، کراوەتە فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستیی پاسداران و تێرۆریست مستەفا ئیزەدی وەکوو جێگری ناوبراو دیاری کراوە.
هەروەها وەحیدی بۆ ئامادەکاریی "پەلاماری نوێ" ڕاسپێردراوە، کە نیشانەی ڕوونی سووربوونی تاران لەسەر درێژەدان بە ئاژاوەگێڕییە.
هەروەها حوسێن تائیب، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کە بە هۆی سەرکوتکارییەوە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە، کراوەتە بەرپرسی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج.
لەلایەکی ترەوە، تێرۆریست عەلی عۆزەمایی بووەتە فەرماندەی هێزی دەریایی سپا و تێرۆریست عەلی عەبدوڵڵاهی بووەتە بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و تێرۆریست کەیۆمەرس حەیدەری بووە بە جێگری.
کۆکردنەوەی تێرۆریستانی داواکراوی ئینتێرپۆل و سەرکوتکارانی خەڵکی ئێران لە لووتکەی هێزە چەکدارەکاندا، بێهیوایی ڕێژیمێک دەسەلمێنن کە ئامادەیە تەواوی ناوچەکە بباتە ناو ئاگرەوە تا لە ڕووخانی خۆی ڕابکات.