کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕشتنەوەی نوێی هێزە چەکدارەکان ئاماژەیە بۆ خۆئامادەکردنی تاران بۆ شەڕێکی درێژخایەن

13:01 - 20 گەلاوێژ 2726

دوکتور عومەر محەممەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی توێژینەوەی دژەجوو لە بەرنامەیەک لە زانکۆی جۆرج واشنگتۆن، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز دیجیتاڵ" ڕایگەیاند کە دیاریکردنی شەش فەرماندەی نوێی سەربازی لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبری ڕێککەوتن لەگەڵ واشنگتۆن، خۆی بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن" ئامادە دەکات.

ئەم پسپۆڕەی دژەتێرۆر ئاماژەی بەوە دا کە ڕێژیمی ئێران دەستەیەک لە تێرۆریستان و فەرماندە توندئاژۆکانی خستووەتە لووتکەی دەسەڵات؛ لەوانە ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستیی پاسداران، کە ناوی لە ئاگاداریی سووری ئینتێرپۆلدایە بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوەندی "ئامیا" لە ئارژانتین و هێرشە تێرۆریستییەکەی ١٩٨٣ی بەیرووت.

هەروەها حوسێن تائیب وەک فەرماندەی بەسیج و کەیومەرس حەیدەری، کە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی تێرۆریستی و سەرکوتی خوێناوی خەڵکی ئێران لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپادان.

د. عومەر محەممەد بۆ فاکس نیوز ڕوونی کردەوە کە بڵاوکردنەوەی بڕیارەکان بە زمانی ئینگلیزی، ڕێکارێکی ئەنقەستە بۆ پیشاندانی هێز بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە وەحیدی بۆ ئامادەکاریی کردەوەی هێرشبەرانەی نوێ ڕاسپێردراوە و جەختی کردەوە: "ئەو وڵاتانەی لە شەڕ دێنە دەرەوە، پێکهاتە سەربازییە کاتییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام ئێران سەرقاڵی چەسپاندن و بە دامەزراوەییکردنی ئەم سیستەمەیە لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا؛ ئەمەش پلانی تاران بۆ شەڕێکی درێژخایەنە، نەک ڕێککەوتن."

شارەزایان ئاماژەیان بەوەش دا کە ئەم گۆڕانکارییانە دوای کوژرانی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم (لەوانە عەلی خامنەیی و عەلی لاریجانی) لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدان. هاوکات دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی، گومانەکانی لەسەر برینداربوونی سەختی لەو هێرشانەدا بەهێزتر کردووە.