یۆسی کۆهێن، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد)، لە لێدوانێکی دەگمەندا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان چەندین جار سەردانی بنکەی ژێرزەوینیی پیتاندنی ئۆرانیۆمی "فۆردۆ"یان لە نێوخۆی ئێران کردووە.
کۆهێن ڕوونی نەکردەوە کە ئایا مەبەستی ئامادەبوونی جەستەیی سیخوڕەکانیان بووە لە ناو ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا، یان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی چاوەدێری و هەواڵگریی دووردەستەوە بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "جروزاڵم پۆست"، کۆهێن جەختی لەسەر توانای بەرزی ئیسرائیل لە کۆکردنەوەی زانیاری لە هەستیارترین ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێراندا کردووەتەوە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ناوەندی فۆردۆ لە قووڵایی چیاکانی نزیک قوم هەڵکەوتووە و یەکێکە لە پارێزراوترین بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی.
لەلایەکی ترەوە، ناوبراو ئاماژەی بە ڕاپۆرتەکانی نزیکبوونەوەی تاران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کرد و وتی: "پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی ٪٦٠ هێشتا مەودایەکی زۆری ماوە بۆ بوون بە بۆمب."
پێشتر بنکەی فۆردۆ کەوتبووە بەر هێرشی ئەمریکا و کۆهێن سەبارەت بەو هێرشە وتی: "بۆمبارانکردنی فۆردۆ لەلایەن ئەمریکاوە، هێنانەدیی تەواوی خەونەکانی من بوو."
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدایە کە بێهرۆز کەماڵوەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئۆتۆمیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە پێش هێرشەکە بەشێکی زۆری کەلوپەل و کەرەستەکانیان لە ناوەندەکە بردووەتە دەرەوە و زیانەکان سنووردار بوون.