حیزبوڵڵای لوبنان لە دوای توندبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا، سنووردارکردنی چالاکییە بانکییەکانی لەو وڵاتە و زیانەکانی شەڕی ئیسرائیل، ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی زۆر توند بووەتەوە؛ قەیرانێک کە چالاکییە سەربازییەکان و تۆڕی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم گرووپەی خستووەتە ژێر لانیزۆریی گوشارەکانەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگەنامە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی لوبنانی، ئەمریکایی، ئیسرائیلی و هەروەها سەرچاوە نزیکەکان لە حیزبوڵڵای بڵاوی کردەوە کە شەڕی ئیسرائیل، دۆخی دارایی ئەم گرووپەی زۆر لاواز کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵەکانیان بۆ لەکارخستنی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی حیزبوڵڵا هاواهەنگ کردووە و هاوکات گوشاریان لەسەر حکوومەتی لبنان بە مەبەستی چەککردنی ئەم گرووپە زیاد کردووە.
سەرەڕای کەمیی سەرچاوە داراییەکان، حیزبوڵڵا بەشێکی زۆری بودجەی بۆ تێچووە سەربازییەکان تەرخان کردووە و هەوڵ دەدات توانا سەربازییەکانی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیانیان بەرکەوتووە، نۆژەن بکاتەوە.
ئەم گوشارانە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێکخستنە ئەمنییەکانی دوای شەڕ و چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییە، یارمەتییە داراییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی بەو گرووپە تێرۆریستییەی، بە ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ میلیۆن دۆلار خەمڵاندبوو.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە ئەندامانی ناوەندی بەئامانجگرتنی دابینکردنی سەرچاوەی داراییەکانی تێرۆریزم، لە هەنگاوێکی هاواهەنگدا، ٥ ناوەند و ١٦ کەسی سزا داوە کە پەیوەندییان بە تۆڕی دارایی حیزبوڵڵای لوبنانەوە هەبووە.
شایانی باسە بانکی ناوەندیی عێراق پێشتر فەرمانی بە بانکەکان و دامەزراوە دارایییەکان کردبوو کە سزاکانی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵا لە سیستەمی بانکیی ئەم وڵاتەدا جێبەجێ بکەن.