کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی یزاکا لەمەڕ ئیدانەکردنی ئاژاوەگێڕی و توندئاژۆیی لە کوردستان

11:03 - 21 گەلاوێژ 2726

ئیدانەکردنی توندڕەوی و بەرگریکردن لە پێکەوەژیان لە کوردستاندا.


لێدوان و هەڵوێستە توند و دوژمنکاریەکانی ڕامین ساڵحزادە کە ئاماژەیە بۆ بیرکردنەوەی توندڕەوی و دژە پێکەوەژیانە، شایەنی ئیدانەکردنی جددییە.

بۆیە یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، ڕاگەیاندنی خۆی بەمجۆرە بڵاو کردەوە.

لێدوانە نابەرپرسانەکانی ئەو بەناو مەلایە لە شاری بانە لە چوارچێوەی بانگەشەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەدوورە و یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران زۆر بە ڕاشکاوانە ئەم جۆرە ئاخافتن و دوژمنکارییە بێ شەرمانە ئیدانە دەکات و داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت موسڵمانان و زانایانی ئایینی دەکەین، ڕێگە نەدەن مزگەوت و مینبەر ببێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دەرکردن و هاندانی ئایینی و دروستکردنی دوژمنایەتی لەنێو منداڵانی ئەم خاکەدا بە هەر بیر و باوەڕێکی ئایینی و غەیرە ئایینیەوە.

ئەم جۆرە لێدوانە نەزۆکانە جێگای هیچ شک و گومانێک نییە کە لە دەمی دوژمنانی پێکەوەژیانی گەلی کوردەوە بڵاو دەکرێتەوە و پەرەی پێ دەدرێت بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی دانیشتووانی کوردستان.

کوردستان خاکی یەک ئایین و یەک بیروباوەڕ نییە چونکە مێژووی ئەم خاکە دەریخستووە کە موسڵمانانی سوننە و شیعە، پەیڕەوانی ئایینی یاری، ئێزیدی، مەسیحی، جوولەکە و پەیڕەوانی تری ئایین و بیروباوەڕەکان، چەندین سەدە شانبەشانی یەکتر ژیاون و لە زۆر قۆناغی مێژووییدا پێکەوە ژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتیی هاوبەشیان پاراستووە، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕەکانیان.
ئیسلامی کوردستان بە توندڕەوی و توندوتیژی پێناسە ناکرێت. ئەو ئیسلامە عیرفانیی و ئەخلاقی و ئاشتیخوازەی کە ڕەگ و ڕیشەی لە بەشێکی زۆری کولتوری ئایینی کوردستاندا داکوتاوە، لەگەڵ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕق و دوژمنایەتی بەرانبەر بە پەیڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی تر ناگونجێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت بەرخۆدانی مەدەنی و هۆشیارانە لەدژی هەر بیرۆکەیەک بکرێت کە هەوڵی دروستکردنی دیوارێک لە نێوان خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای ئایین و مەزهەب بدات. جیاوازی بیروڕا مافی هەموو مرۆڤێکە؛ بەڵام گۆڕینی جیاوازی بیروڕا بۆ ڕق و دوورخستنەوە و هاندان دژی ئەوانی تر قەبووڵ ناکرێت.
کوردستان کاتێک بەهێزتر و سەربەرزتر دەبێت کە مزگەوت، شانبەشانی کڵێسا و خانەقا و مەزارگەی ئایین و دابونەریتی جۆراوجۆر، هێمای ئاشتی و ئەخلاق بێت نەک مەیدانی ڕق و کینە و دوژمنایەتی.
با ڕێگە نەدەین بیری توندڕەو و توندوتیژی، بە هەر ناوێکەوە، نەریتی لەمێژینەی پێکەوە ژیانی خەڵکی کوردستان لەناو ببات.

 

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی