کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەنگاوێکی مێژووییدا لوبنان وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە

12:45 - 21 گەلاوێژ 2726

سەرەڕای دژایەتیی نوێنەرانی حیزبوڵڵا، پارلەمانی لوبنان سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە و بەندکرانی هەتاهەتایی لەگەڵ «کاری قورس و دژراو» شوێنی گرتەوە. بەم شێوەیە، لوبنان بووە یەکەم وڵاتی عەرەبی کە سزای لەسێدارەدان هەڵوەشێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی "ئاسۆشەیتێدپرێس"، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، زۆرینەی ئەندامانی پارلەمانی ١٢٨ کەسیی لوبنان، دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دا و سەرەڕای دژایەتیی فراکسیۆنی پارلەمانیی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا، ئەم پرۆژەیاسا گرنگە پەسەند کرا.

شایانی باسە لوبنان لە ساڵی  ٢٠٠٤ـەوە هەتا ئێستا لە کردەوەدا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ڕاگرتووە.

عادڵ نەسار، وەزیری دادی لوبنان، کە لە کۆبوونەوەی پارلەماندا ئامادە بوو، ئەم بڕیارەی بە «هەنگاوێکی مێژوویی» بۆ وڵاتەکە ناو برد.

گرووپە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ کە پێشتر داوای ڕاگرتنی فەرمی و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزای لەسێدارەدانیان لە لوبنان کردبوو، پێشوازییان لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە کرد.

ڕەمزی قەیس، توێژەری کاروباری لوبنان لە ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند لوبنان بەم بڕیارە «بۆ هەمیشە دوور دەکەوێتەوە لە سزایەکی دڕندانە کە هەرگیز نابێت جێبەجێ بکرێت».

هەروەها ڤۆلکێر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای پێشوازیی گەرم لەو بڕیارە، داوای لە هەموو ئەو وڵاتانەش کرد کە سزای لەسێدارەدانیان تێدا ماوە، بە شوێنپێهەڵگرتنی لوبنان «کۆتایی بەم ڕێکارە نامرۆییە بهێنن».

ناوبراو زیادشی کرد: «لوبنان بەم هەنگاوە یەکەم وڵاتی ناوچەکەیە کە هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەنێت».

فەرانسە بڕیارەکەی لوبنانی بە "مێژوویی و ئازایانە" وەسف کرد. ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "دەنگدانی پارلمان دەریدەخات لوبنان بە توانای خۆی لە پاراستنی بەها دێموکراسییەکان و ئازادییەکان کە بناغەی بوونی ئەم وڵاتە پێکدەهێنن، وەک نموونەیەک دەمێنێتەوە".

هەروەها یەکیەتیی ئورووپاش ڕایگەیاند کە لوبنان "نموونەیەکی بەهێز بۆ وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی تری جیهان پێشکەش دەکات».

شایانی باسە سەرەڕای ئەوەی کە حیزبوڵڵا هەڵوێستی فەرمیی لەوبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بە فیتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دژایەتیی تەواوی خۆی بەو پڕۆژەیاسا گرنگ و مێژووییە دەربڕیوە.

لە کاتێکدا کە وڵاتانی جیهان و ناوچەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای دژەمرۆیی سێدارە هەڵدەوەشێننەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژبەڕۆژ جێبەجێکردنی ئەو سزایە پەرە پێ دەدات و لەو بە لە ڕیزی سێ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.