کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی شلکراوە (LNG)ی سەربە وڵاتی قەتەر، لە کاتی پەڕینەوەی لە گەرووی هۆرمۆز لەلایەن مووشەکێکەوە کرایە ئامانج.
هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" بە پشتبەستن بە شیرکەتەکانی شیکاریی ئەمنییەتی دەریایی "ڤانگارد تێکنۆلۆژی" و "ماریسک"، ناسنامەی ئەو کەشتییەی "گاس لاگ شانگهای" (GasLog Shanghai) ڕاگەیاند.
هاوكات ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە زانیارییان سەبارەت بە کەشتییەکەوە لە نزیک کەناراوەکانی عومان پێگەیشتووە کە بەهۆی بەرکەوتنی نادیارەوە زیان بەر ماتۆڕخانەکەی کەوتووە.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕووداوەکە هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی یان زیانی ژینگەیی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.
ئەم کەشتییە دەوروبەری ٥ی گەلاوێژ بارێکی لە قەتەرەوە بارکردبوو و لە ٩ی گەلاوێژدا لە نزیک دەروازەی ڕۆژاوای گەرووی هۆرمۆز سیگناڵەکانی کوژاندبووەوە و پێدەچێت لە کاتی بەرکەوتنیدا، سیستەمی ڕێشوێنکەوتنی (ڕاداری) کوژێنرابێتەوە.