دەستدرێژی و هێرشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا، بە زیانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران شکایەوە.
لە نوێترین لێدواندا، محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ئاشکرای کرد کە هێند لە سەردەمی شەڕدا ڕەتی کردووەتەوە کەرەستەی خاوی دەرمانی ڕەوانەی ئێران بکات و ناردنی دەرمانی بەند کردووە بەوەی ئێران دەست لە هێرشەکانی هەڵبگرێت و ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی هێند لە گەرووی هۆرمۆزدا بدات.
مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەمنییەتی دەریایی لەکاتێکدایە کە بەهۆی گەورەیی قەبارەی بار لە ڕێگەی دەریاییەوە، فڕۆکەکان ناتوانن شوێنی کەشتییەکان بگرنەوە، ئەمەش قەیرانی دەرمانی لە نێوخۆی ئێران قووڵتر کردووەتەوە.
هاوکات، کاردانەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و سیاسەتەکانی ڕێژیم تەنیا ناردنی دەرمانی لەلایەن وڵاتانەوە ڕانەگرتووە، بەڵکوو زیانی ٨ هەزار میلیارد تمەنی بە ژێرخانی تەندروستیی نێوخۆ گەیاندووە.
زەفەرقەندی ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە ٣٠٠ ئامبوڵانس و چەندین کارگەی دەرمانسازی کەوتوونەتە بەر هێرش و زۆرێک لە ناوەندە تەندروستییەکان ڕووبەڕووی قەرزی قورس و کەمبوونی بەرچاوی دەرمان بوونەتەوە.
ئەم بارودۆخە دەریخات کە چۆن سەرکێشییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆز، کەرتە گرنگەکانی وەک تەندروستیی خەڵکی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە.