کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی تورکیە یاسای لێبوردنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانی پەسەند کرد

13:52 - 21 گەلاوێژ 2726

پارلەمانی تورکیە بە کۆی ٤٦٨ دەنگی ئەرێنی لە کۆی ٦٠٠ دەنگ، یاسایەکی ۱۲ ماددەیی پەسەند کرد کە ئامانج لێی ئاسانکاری بۆ چەکداماڵین، هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی ئەو حیزبە لە کۆمەڵگەدایە.

پرۆژەیاساکە لەلایەن ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتییەوە پشتگیریی لێکرا. بەپێی یاساکە، سزای بەندکردن و ڕێکارە یاساییەکانی سەر ئەندامانی پ.ک.ک بە مەبەستی ڕەخساندنی بەستێن بۆ گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ماوەی پێنج تا دە ساڵ هەڵدەپەسێردرێ.

پرۆسەی چەکداماڵینی پ.ک.ک لەلایەن کۆمیسیۆنێکی حکوومەتی و دەزگای هەواڵگریی تورکیە (میت) بەڕێوە دەچێت.

ئەم پێشهاتە یاساییە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" ڕێبەری بەندکراوی پ.ک.ک. لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٥ داوای چەکدانانی کرد و دواتر حیزبەکە لە مانگی مەیدا کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداری ڕاگەیاند؛ خەباتێک کە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە دەستی پێکردبوو و زیاتر لە ٤٠ هەزار کوژراوی لێ کەوتبووەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پ.ک.ک ڕایگەیاندووە کە یاساکە هەنگاوێکی سەرەتاییە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە بەدیهاتنی ئاشتیی یەکجاری پێویستی بە ئازادکردنی ئۆجەلان و ئەنجامدانی چاکسازیی دێموکراتیکی فراوانتر و پێدانی مافی زیاتر بە کوردان لە تورکیەیە.