کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان کوژرانی سێ هاووڵاتیی خۆی لەلایەن حوسییەکانەوە بەتوندی مەحکووم کرد

14:28 - 21 گەلاوێژ 2726

وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژ، لەبارەی کوژرانی سێ هاووڵاتیی وڵاتەکەیەوە لە ئەنجامی هێرشی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییەک لە دەریای سوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئەو کردەوەی بەتوندی مەحکووم کرد.

وەزیری دەرەوەی پاکستان لەو ڕاگەیاندراوەدا، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەم کەشتییە بازرگانییە مەدەنییەی بەتوندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هێرشی حوسییەکان "پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

ئیسلام ئاباد جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی، ئاسایشی دەریایی و گواستنەوەی دەریایی لە دەریای سووردان.

چەکدارانی گرووپی حوسی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشکردنەسەر کەشتیی بازرگانیی یەمەنیی «تەهامە» لە گەروی بابولمەندەب ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەم کەشتییە کەرەستەی سەربازیی هەڵگرتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزی پاسەوانیی کەناراوی یەمەن، ئەم هێرشە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس، کە سێ کەسیان پاکستانی بوون و ١٠ کەسی تریش بریندار بوون.

گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماوەی مانگێکە بە فەرمانی سپای پاسداران گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر عەرەبستان و لە ئاکامدا چەندین کەشتیی بازرگانییان کردووەتە ئامانج.

هەروەها لە کاردانەوە بەم هەوڵە ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئێران و نیابەتییەکانی لەوانەش حوسییەکان، عەرەبستان دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دەریایی لە ١٤ وڵات بەمەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی ئاویی ناوچەکە ڕاگەیاند.