کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: کەشتییەک کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی دەریایی دژی ئێرانی دەدا، کرایە ئامانج

14:31 - 21 گەلاوێژ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، فڕۆکەی شەڕکەری هێزی دەریایی ئەمریکا بە دوو مووشەکی هێڵفایەر، ماتۆڕخانەی کەشتییەکەیان پەکخستووە کە هەوڵی پێشێلکردنی گەمارۆی دەریایی دژی ڕێژیمی ئێرانی دەدا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، سێنتکام لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، کەشتیی بارهەڵگری "ڤێلا نۆڤا" بە ئاڵای پەناماوە هەوڵی داوە بە تێپەڕبوون لە دەریای عومان و بە ئاراستەکردنی بەرەو کەنارەوەکانی ئێران، گەمارۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان بشکێنێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای ئەوەی تیمی مەدەنیی ئەم کەشتییە "هۆشدارییە بەردەوامەکانـ"ـی هێزە ئەمریکییەکانیان پشتگوێ خست، فڕۆکەی شەڕکەری جۆری ئێم ئێچ ٦٠ بە دوو مووشەکی هێڵفایەر، ماتۆڕخانەی کەشتییەکەی پێکا و بەم شێوەیە کەشتییەکە لەکار خرا.

سێنتکام جەختی لەوە کردەوە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ئێران "وەک خۆی و بە تەواوی بەردەوامە".

بە وتەی سێنتکام، تا ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ ئەرتەشی ئەمریکا ڕێگەیان بە ٥٥ کەشتیی بازرگانی بگۆڕن کە هەوڵیان داوە لە گەمارۆی ئێران تێپەڕن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئەمریکا، ٣ کەشتیی سەرپێچیکاریان پەک خستووە و دەستیان بەسەر ٢ کەشتیی دیکەشدا گرتووە.