دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تا ئێستا، ڕێژیمی ئێران لانیکەم ٩١٦ حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنیا لە ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ کەس لە سێدارە دراون.
ئەو دامەزراوەیە هۆشداریی داوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی تۆمەتی قورس و مەترسیی جیددیی لەسێدارەدان بوونەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەم کەسانە زۆر بەپەلە، نادادپەروەرانە و بە بێ ڕەچاوکردنی یاساکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەنجام دراوە.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر جێبەجێکردنی هەزار و ٦٣٩ حوکمی لەسێدارەدانی لە ساڵی ٢٠٢٥دا تۆمار کردبوو و بەمەش ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا لە ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس تێپەڕیوە.
هاوکات کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە کە لە ٢٩ی ڕەشەمەی ڕابردووەوە لانیکەم ٥٦ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە سێدارە دراون.
هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە ٩ی ڕەشەمەوە تا ئێستا ٣٩ کەس بە تۆمەتی سیاسی لە سێدارە دراون؛ کە ١٦ خۆپیشاندەر، ٩ دژبەری سیاسی، ١٠ تۆمەتبار بە سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ٤ کەسی تۆمەتبار بە "بەغی" هەبوون.