کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کانادا لەو پەنابەرە ئێرانییانەی لە سپای پاسداراندا سەربازییان کردووە

08:39 - 22 گەلاوێژ 2726

لەسەر داواکاریی ئیدارەی کۆچ، پەنابەران و هاووڵاتیبوونی کانادا، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی سەدان پەنابەرانی ئێرانی کە لە ڕیزەکانی سپای پاسداراندا سەربازییان کردووە، هەڵدەوەشێتەوە و لەو وڵاتە دەردەکرێن.

ئیدارەی کۆچ، پەنابەران و هاووڵاتیبوونی کانادا لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو داواکارانەی کە پەیوەندییان بە سپای پاسدارانەوە هەیە یان لە ڕیزی سپادا سەربازییان کردووە، پاش پێداچوونەوەیەکی تەواوی بەڵگەنامەکان، ڕێکارە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان و ڕێنمایی دەزگا ئەمنییەکان لەو پێوەندییەدا دەدرێت.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، سەدان داواکاری ئێرانی، لەوانەش ئەو کەسانەی سەربازیی زۆرەملێی خۆیان لە سپای پاسداران تێپەڕاندووە، نامەی ڕەچاوکردنی دادپەروەریی کارگێڕییان پێگەیشتووە.

ئەم هەوڵانە دەریدەخات کە ئیدارەی کۆچ و پەنابەرانی کانادا بە تاوانی «ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی» لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدایە لە کەیسی ئەو کەسانەی بە نایاسایی چوونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە.

شایانی باسە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣، حکوومەتی کانادا سپای پاسدارانی خستە نێو پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

هەروەها وەزیری ئەمنییەتیی گشتیی کانادا لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند لەو ڕێکەوتەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە نێو ئەو وڵاتەوە.