کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێکس هەژماری فەرمیی وتەبێژی حوسییەکانی یەمەنی داخست

08:52 - 22 گەلاوێژ 2726

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەژماری تایبەت بە یەحیا سەریع، وتەبێژی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەنی بەهۆی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و هەڕەشە لە خەڵکی ئاسایی داخست.

ئێکس لەسەر هەژماری یەحیا سەریع نووسیویەتی: "ئێکس ئەو هەژمارانە ڕادەگرێت کە پێشێلی ڕێساکانی ئێمە بکەن».

هەژماری یەحیا سەریع یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی گەیاندنی زانیاریی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بۆ ڕاگەیاندنی هێرش و هەڕەشەکانی بەتایبەت لە دەریای سوور لە دژی عەرەبستانی سعوودی و حکوومەتی یاسایی یەمەن بوو.

ئەم هەژمارە کە دوای گەڕانەوەی پێشووی توانیبووی نزیکەی ۱۲۱ هەزار و ۵۰۰ شوێنکەوتووی هەبێت، یەکێک بوو لە کەناڵە سەرەکییەکان و تۆڕەکانی ڕاگەیاندنی ئەم گرووپە بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە فەرمییەکان، ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکان لە دەریای سوور و هۆشدارییەکان دژی بەرژەوەندییە ناوچەیی و هاوپەیمانییە پەیوەندیدارەکان.

پلاتفۆرمی ئێکس پێشتریش چەند جارێک هەژمارە فەرمییەکانی سەر بە بەرپرسان و ڕاگەیاندنەکانی حوسییەکانی بەهۆی "پێشێلکردنی ڕێسا و مەرجەکانی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانیان" یان ڕاگرتبوو و یان ‌هەڵیپەساردبوون.