کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان لەسەر کردەوەی تێرۆریستیی حوسییەکان هاتە دەنگ و بەتوندی مەحکوومی کرد

09:17 - 22 گەلاوێژ 2726

پاکستان هێرشی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سووری بەتوندی مەحکووم کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی سێ هاووڵاتیی ئەو وڵاتە.

ئێسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی گەلاوێژ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی سێ هاووڵاتیی وڵاتەکەی و برینداربوونی کەسێکی تری ڕایگەیاند کە "ئیسلام ئاباد هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی مەدەنی» بە توندی مەحکووم دەکات".

وەزیری دەرەوەی پاکستان هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە لەگەڵ بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی و حکوومەتی یاسایی یەمەندا لە پەیوەندیدان.

ناوبراو ڕایگەیاند: «ئەم جۆرە هێرشانە گیانی بێتاوانەکان دەخەنە مەترسییەوە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و هەڕەشەیەکی جیدیین بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی دەریایی، ئاسایشی دەریایی و تەندروستیی کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سوور».

شایانی باسە پاکستان ئەندامی هاوپەیمانییەکی بەرگریی مەککەیە کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن سێ وڵاتی پاکستان، تورکیە و عەرەبستانەوە بەسترا.

 بەپێی ئەم هاوپەیمانییە، هێرش بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە بە ئەژمار دێت.

وەزارەتی گواستنەوەی یەمەن ڕایگەیاند کە کەشتیی «تەهامە» بە ئاڵای یەمەنەوە لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەروی بابولمەندەب، سێ جار لەلایەن مووشەکی بالیستیکییەوە کراوەتە ئامانج و زیانی ماددیی پێ گەیشتووە.

پاسەوانیی کەناراوەکانی یەمەن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر ئەم کەشتییە، شەش کەس کوژراون کە سێ هاووڵاتیی پاکستانی و هاووڵاتییەکی ئەندۆنێزیایی لە نێوانیاندا بوون.