زیاتر لە ٢٦ وڵاتی جیهان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانەوە بڵاو کرایەوە، بە توندترین شێوە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو حوکمانەیان کرد.
چەندین وڵات وەکوو فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا، ئوسترالیا، نیوزیلەند و چەندین وڵاتی ئورووپایی، وێڕای بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان بەتوندترین شێوە مەحکووم کرد.
ئەوان جەختیان کردەوە کە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ بێدەنگکردنی دژبەران، دروستکردنی ترس و سزادانی هاووڵاتییان لە بەرانبەر بەکارهێنانی مافە سەرەتاییەکانیاندا، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قەبووڵکردن و پاساوهێنانەوە نییە.
ئەم وڵاتانە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە سەرجەم دەسبەسەر کراوە ئازادیخوازەکان ئازاد بکات و ڕێگە بە هاووڵاتییانی ئێران بدات بە بێ ترس مافی داڕشتنی بڕیار، ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە بەکار بێنن.
ئەو وڵاتانە هەروەها داوایان کرد کە ڕێژیم گوێ لە دەنگی خەڵک بگرێت و هەنگاوی جیددی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ هەڵبگرێت.