ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاک ئەنوەر ڕۆستەمی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە ئاوایی تین، سەر بە شارستانی پاوە لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش چاوی بە ژیان هەڵێنا. لە ساڵەکانی پێش ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەویدا چەند جارێک سەردانی باشووری کوردستانی کرد و لەوێ لەگەڵ بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات ئاشنا بوو.
پاش ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و فتوای جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد، هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بوو بە پێشمەرگە و لە ناوچەی باینگان و لکی شەهید مستەفا حوسێنی "ئێناخی" لە هێزی شاهۆ سازمان درا و بەهۆی ئەوەی کادرێکی دەرمانیی دڵسۆز بوو لەنێو پێشمەرگەکاندا بە "دوکتور" بانگ دەکرا.
کاک ئەنوەر لە ماوەی چەند ساڵ ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەوپەڕی دڵسۆزی و لێهاتووییەوە بەشداریی لە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کرد و لە چەندین حەماسەی بەرگریی هێزی پێشمەرگەدا، بەشدارییەکی ئازایانەی کردووە.
دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆ و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان و ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.
تەرمی کاک ئەنوەر لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و لە گۆڕستانی وەیس قەڕەنیدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.