سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەروبەندی گەمارۆدان و کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆزدا، دەسەڵاتدارانی تارانیان تووشی کێشەی تەکنیکیی جیددی کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، وێبسایتی فەرمیی "ڕێکخراوی گەرووی کەنداو" (PGSA) کە سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانە، ڕاگیراوە و لە ئەمنییەتی ئینتێرنێتیی سەرەتایی بێبەش کراوە.
ڕێکخراوی چاوەدێریی ئینتێرنێتی جیهانی "نێتبلاکس" ئاشکرای کردووە کە بەهۆی سزاکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە، شیرکەتە نێودەوڵەتییەکان پێدانی بڕوانامەی ئەمنییەتیان بە وێبسایتی ئەم ڕێکخراوە ڕاگرتووە.
بەم هۆیەوە، ڕێژیمی ئێران ناچار بووە داوا لە کەشتییەکان بکات لەجیاتی پرۆتۆکۆلی پارێزراوی (HTTPS)، پرۆتۆکۆڵی ناپارێزراوی (HTTP) بەکار بێنن، کە ئەمەش زانیارییە بازرگانییەکان دەخاتە مەترسیی ئاشکرابوون و دەسبەسەرداگرتنەوە.
ئالپ توکێر، بەڕێوەبەری نێتبلاکس ڕایگەیاندووە کە ئەمە گورز و شکستێکی گەورە بۆ هەوڵەکانی ئێران لە سەپاندنی دەسەڵات بەسەر گەرووی هۆرمۆزدایە.
بە وتەی شارەزایان، بەهۆی لەدەستدانی ئەمنییەتی دیجیتاڵی، شیرکەتە جیهانییەکان چیتر ناتوانن بە نهێنی لەگەڵ تاران مامەڵە بکەن، ئەمەش کاریگەری ڕێژیمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بەرەو پاشەکشە و ناکارامەیی بردووە.
لە ٦ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕێکخراوی PGSAی بەهۆی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سپای تێرۆریستیی پاسداران خستە لیستی ڕەشەوە و سەبارەت بە دووەمین سزا لەژێر یاساکانی دژەتێرۆریزمی ئەمریکادا، هۆشداریی بە دامەزراوە دەرەکییەکان دا.