بەرپرسانی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لە بڕیارێکی نوێدا داوایان لە نزیکەی ٢٠٠ زیندانیی بەشی ٢ی ئەو زیندانە کردووە بە شێوەی خۆبەخشانە داواکاریی گواستنەوە بۆ زیندانەکانی دیکە پێشکەش بکەن، بەڵام ئەم بڕیارە بەرەوڕووی دژایەتیی بەکۆمەڵ و ڕەتکردنەوەی توندی بەندکراوان بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کانونی مافی مرۆڤی ئێران، بەندکراوانی بەشی ٢ ئامادە نەبوون ناوی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تۆمار بکەن و هۆشدارییان داوە لەوەی لە ڕوودانی هەر گواستنەوەیەکی زۆرەملێدا، دەست بە مانگرتنەوە دەکەن.
بەندکراوان لەو بڕوایەدان کە ئامانجی سەرەکیی بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە لەم کارە، لێکدابڕان و بڵاوەپێکردنی ئەو کەسانەیە کە مانگی ڕابردوو بەشدارییان لە مانگرتنی سەرتاسەریدا کردبوو.
شایانی باسە، مانگرتنی پێشووی بەندکراوانی بەشی ٢ی قزڵحەسار لە ٢٢ی پووشپەڕدا لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چەند بەندکراو دەستی پێکرد.
ئەو مانگرتنە کە ڕەتکردنەوەی خۆراک و دوورینەوەی لێوەکانی تێدا بوو، لە ٦ی گەلاوێژدا و پاش بەڵێنی بەرپرسانی بەناو دادی ڕێژیم بۆ پێداچوونەوە و دواخستنی حوکمەکان کۆتایی پێهاتبوو.