کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ سامانی خەڵک خەرج دەکات

16:13 - 10 گەلاوێژ 2726

ئاژانسی هەواڵدەریی"“مێهر"ی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ماڵ و سامانە دەسبەسەرداگیراوانەی کەسانێک کە کۆماری ئیسلامی بە «هاوکاری لەگەڵ دوژمن» تۆمەتباریان دەکات، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم داراییانە لە پلەی یەکەمدا بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و شوێنە گشتییە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ خەرج دەکرێن.

بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان، قوتابخانە، پرد و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کە لە ڕەوتی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکادا زیانیان بەرکەوتووە، لە ماڵ و سامانی دەسبەسەرداگیراوی دژبەرانی ڕێژیم دابین دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم، ئامانج لەم هەنگاوە قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی شەڕ لە ڕێگەی دارایی کەسە سزادراوەکان لەم دۆسییانەدایە.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەسبەسەرداگرتنی سامان، ڕێوشوێنیش بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی دارایی کەسە داواکراوەکانیش گیراوەتەبەر.

ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگەنامە و خانوبەرەی ڕێژیم لە دووتوێی بڕیارنامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کە هەر چەشنە گواستنەوەیەکی سامان بە بەکارهێنانی بریکارنامە دەرکراوەکان لە کۆنسوولگەرییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات، لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، تەنها بە وەرگرتنی ئیزنی دادستانی گشتیی وڵات ڕێگەپێدراوە.

دەسەڵاتدارانی دادوەریی ڕێژیم بنەمای ئەم هەنگاوانەیان بە «یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دوژمن دژی ئەمنییەت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان» وەسف کردووە. غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیمیش، پێشتر دەسبسەرداگرتنی سامانی سزادراوانی ئەم دۆسییانەی بە «ئەوپەڕی دادپەروەری» وەسف کردبوو.

دوای دەستپێکردنی پێکدادانە سەربازییەکانی ئەم دواییانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جگە لە دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی خەڵک بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ دوژمن»، ڕەوتی توندکردن و دەسبەسەرداگرتنی سامانی تۆمەتبارانی ئەم دۆسییانەشی دەست پێکردووە.

بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە بۆ هەزاران کەس دۆسییە کراوەتەوە و فەرمانی دەسبەسەرداگرتنی سەدان پارچە زەوی، ماشین، هەژماری بانکی و دارایی تریش دەرچووە.