ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی عێراق لە زاری وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ٢٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاراندا گرتووە و چوار چەکدار لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کراون.
وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە «ئەوان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەم دڕۆنانەیان بە مەبەستی کاری تێکدەرانە هەڵگرتووە».
ئەو وەزارەتە وردەکاریی زیاتری لەوبارەوە نەخستە ڕوو.
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بەغدا هەوڵ دەدات ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی خۆی بەهێزتر بکات و ڕێگە بەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
شایانی باسە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە چەند هێرشێکی مووشەکی خاکی عەرەبستانیان کردە ئامانج و عەرەبستانیش لە بەرانبەردا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە خاکی عێراقدا کردە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٠ چەکدار کوژران.
گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە ڕێنوێنی و پاڵپشتیی سیاسی و سەربازی لە ڕێژیمی تاران وەردەگرن، لەلایەن چەندین وڵاتی جیهانەوە وەک گرووپی تێرۆریستی دەناسرێن و لەم دواییانەدا، ئەمریکا و دەوڵەتی عێراق هەوڵەکانیان بۆ چەککردنیان خستووەتەگەڕ.