سێنتکام گۆشەگیریی دەریایی تەواوی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و گەمارۆدانی هێڵەکانی کەشتیوانیی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گەیاندووەتە لووتکە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بڵاوی کردەوە کە لە درێژەی خستنەژێر گوشاری تاران و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی "دیواری پۆڵایین"، تا ٢١ی گەلاوێژ، ڕێڕەوی ٥٩ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، سێ کەشتییان لەکار خستووە و دەستیان بەسەر دوو کەشتیی دیکەشدا گرتووە تا لە پێبەندبوونی تەواویان بە گەمارۆکە دڵنیا ببنەوە.
سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەی بەرزبوونەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری "F/A-18"ی لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یوو-ئێس-ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش" بڵاو کردووەتەوە.
ئەم کەشتییە شەڕکەرە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیر کراوە و گەڕان و فڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە سەپاندنی ئەم گەمارۆیە زیاد کردووە.
ئەم گەمارۆ دەریاییە لە ٢٣ی پووشپەڕەوە لەلایەن ئەمریکاوە و وەک وڵامێک بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا، دەستی پێکردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی شیرکەتەکانی بەدواداچوونی نەوتهەڵگرەکان، لە سەرەتای سەپاندنی ئەم گەمارۆیەوە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە تەواوی ڕاگیراوە.