کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن لەجیاتی شەڕی سەربازی کارتی "گوشاری ئابووری" دژی تاران بەکار دێنێت

11:21 - 22 گەلاوێژ 2726

لە بەرەبەرەی کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام‌ئاباد، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دووبارە تەرکیزی سەرەکیی خۆی خستووەتە سەر زیادکردنی گوشاری ئابووری بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە سەپاندنی سزادانەکان و گەمارۆی دەریایی، تارانیان لەگەڵ قەیرانێکی دارایی زۆر قورسدا بەرەوڕوو کردووەتەوە.

هەواڵدەریی "بلومبێرگ" بڵاوی کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم ستراتێژییە نوێیەی واشنگتۆن کە بە "تووڕەیی ئابووری" دەناسرێت، سەپاندنی ڕێکاری توندترە بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران و بەئامانجگرتنی کڕیارە سەرەکییەکانی وەک چین و هێند.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە چین بە تەنیا زیاتر لە ٩٠٪ی نەوتی ئێران دەکڕێت و بەئامانجگرتنی بانک و دامەزراوە داراییە گەورەکانی ئەو وڵاتە دەتوانێت داهاتی نەوتی تاران بەشێوەیەکی بنەڕەتی بپچڕێنێت.

ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە کە ترامپ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و کەمیی سەرچاوە داراییەکانی ئێران کردووە و بە نیشانەی سەرکەوتنی گەمارۆکانی واشنگتۆنی دەزانێت.

سەرەڕای ئەوەش، پسپۆڕان گومان دەخەنە سەر ئەوەی کە ئایا گوشاری ئابووری دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتاری سیاسیی کۆماری ئیسلامی یان نا؛ چونکە تاران تا ئێستا لە سەرەکیترین هێڵە سوورەکانی خۆی، بەتایبەت لە دۆسییەی ئەتۆمی و گەرووی هۆرمۆز، پاشەکشەی نەکردووە.