ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، دایە ئەسمەر محەممەدپەناهی دایکی شەهید قادر یووسفپوور، بەهۆی نەخۆشی و پیرییەوە، لە ئاوایی مارەغانی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
دایە ئەسمەر لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر، حیزبدۆست و خۆشناوی شاری سەردەشت لە دایک بوو.
ناوبراو یەکێک لەو شێرەژنانە بوو کە بە دەیان جار کوتەک بەدەست بەگژ جاش و پاسدارانەکانی ڕێژیمدا چووەتەوە کە بە مەبەستی ئازار و ئەزیەتدانی خەڵک دەچوونە ئاواییەکانی کوردستان.
کوڕێکی دایە ئەسمەر بە ناوی قادر یووسفپوور کە پێشمەرگە بووە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٦١ی هەتاوی، لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا لەگەڵ هێزی داگیرکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شوێنێک بە ناوی پشتی شاتمان شەهید بوو.
هەروەها دوو برای ناوبراو بە ناوەکانی پەرویز و کامیل محەممەدپەناهی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ پێشمەرگە بوون و ئێستاش لە دەرەوەی وڵات، ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.