باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی ئەم وڵاتە لە هەولێر لە هۆشدارییەکی ئەمنیدا داوایان لە هاووڵاتییانی ئەمریکایی کردووە کە بۆ بەجێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئامادە بن.
لە هەژماری فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵاو کراوەتەوە کە: «بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، دۆخی ئەمنی هێشتا ئاڵۆزە و ئەگەری توندبوونەوەی لەناکاوی دۆخەکەش لە ئارادایە».
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە «هاووڵاتییانی ئەمریکایی کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندان، دەبێت زۆر وریا و هۆشیار بن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کاتیی ئاسمانی ناوچەکە و تێکچوونی گەشتەکان».
لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا نووسراوە: «هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئەو گەشتانەیان دوا خستووە کە پێشتر پلانیان بۆ داندرابوو و هەندێکی دیکەش گەشتەکانیان لە هەندێک ڕێڕەوی تایبەتدا هەڵوەشاندووەتەوە».
هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە کە هاووڵاتییانی ئەمریکایی کە لەم ناوچەیەدان، دەبێت بیر لە جێهێشتنی ئەو ناوچەیە بکەنەوە یان لە کاتی پەرەسەندنی دۆخەکەدا، ئامادەی بەجێهێشتنی ناوچەکە بن.
باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عومان، پایتەختی ئۆردۆن و قودسیش ڕاگەیەندراوی هاوشێوەیان بڵاو کردووەتەوە.
دۆناڵد ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا لە میانەی کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کەمپ دەیڤید هۆشداریی دا کە ئەمریکاییەکان دەبێت بۆ بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ ئێران ئامادە بن و ڕایگەیاند واشنگتۆن هەتا تێکشکاندنی تەواوی تواناکانی تاران بەردەوام دەبێت تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.