کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی گەمارۆی بێوێنەی دیکەی ئەمریکا لە دژی ڕێژیمی ئێران

09:32 - 23 گەلاوێژ 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ گەلاوێژ، ڕایگەیاند کە ئەمریکا بڕیارە فشارگەلێک بخاتە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە "لە مێژوودا وێنەی نەبووە".

بێسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزمەکس ڕایگەیاند: "چاوەڕێی بەیاننامەی زیاتر بن لە حەفتەی داهاتوودا، چونکە بڕیارە هەوڵێگەلێک بگرینەبەر کە لە مێژووی گۆشەگیریی ئابووریی هیچ وڵاتێکدا، هەرگیز شتی وا نەبینراوە".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم هەوڵانە تێکەڵەیەک دەبن لە گۆشەگیریی ئابووری لەو ئاستەدا کە هەتا ئێستا لە جیهان نەبینرابێت، و بەردەوامبوونی گەمارۆکان لە گەرووی هۆرمۆز، بەشێوازێک دەبێت کە هیچ شتێک نەتوانێت بچێتە ناو کەناراوەکانی ئێرانەوە یان لێیان بێتە دەرەوە".

شایانی باسە لێدوانەکانی بێسێنت لەکاتێکدایە کە ماڵپەڕەکانی ڕاگەیاندنی نرخی دراو ڕایانگەیاند کە نرخی دۆلاری ئەمریکایی لە ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ١٨٧ هەزار تمەن.

هاوکات لەم نێواندەدا، پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا دەتوانێت گەمارۆی دەریایی دژی کۆماری ئیسلامی بۆ "ماوەیەکی نادیار" درێژە پێ بدات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکام، شەوی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێرانی لە کاتژمێر ١١:٣٠ بەکاتی ئێران دەست پێکرد.

شایانی باسە کە کاریگەریی گەرمارۆی دەریایی دژی ڕێژیمی تاران لە ئاستێکدایە کە پێشتر پزیکشییان ڕایگەیاندبوو کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی بەربڵاوی ئابووریی ئێران و ئەگەر ئەو دۆخە هەنووکەییە بەردەوام بێت، سەقامگیریی ڕێژیم ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە و ئیتر دەوڵەت توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نامێنێت.