وەزارەتی دەرەوەی ئێمارات ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە گەرووی هۆرمۆز هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی بازرگانیی سەر بە شیرکەتی نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی (ئادنۆک).
ئێمارات ئەم کردەوانەی بە هێرشی بێپاساو و سەرپێچیی دەریایی ڕێژیمی ئێران وەسف کرد، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی ڕووداوەکەوە نەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێمارات بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم هەنگاوانەی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی بە "چەتەیی دەریایی" ناو برد.
لەو بڕیارنامەیەدا کە لە مانگی مارسی ڕابردوودا پەسەند کرابوو، داوا لە ڕێژیمی تاران کرابوو دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و هێڵەکانی کەشتیوانی ڕابگرێت.
ئەبووزەبی جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی باج و گوشاری ئابووری، مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەتی وزەی جیهانییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێمارات هەروەها داوای لە تاران کرد بەبێ هیچ مەرجێک پێبەندی کردنەوەی تەواوی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بێت و کۆتایی بە هەموو پەلامارەکان بهێنێت.