کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشێکی دڕۆنی بۆ سەر هەولێر لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پووچەڵ کرایەوە

09:38 - 23 گەلاوێژ 2726

دژەتێرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هێرشێکی دڕۆنی کراوەتە سەر شاری هەولێر، بەڵام سەرجەم دڕۆنەکان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنراون و هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتێرۆر، هێرشەکە لە کاتژمێر ٠٢:١٧ تا ٠٢:٢٥ی بەرەبەیان بە سێ دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ئەنجام دراوە و لە ئاسمانی هەولێر خستراونەتە خوارەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاکوو ٢٣ی گەلاوێژ، ١٩ هێرشی دڕۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان پارێزگای هەولێریان کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی "ڕووداو"، لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٩٦٥ مووشەک و دڕۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تا ئێستا ٣٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەکۆی ئەو ٣٢ کەسەی لە ئاکامی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆرستییە نیابەتییەکانی شەهید بوون، ٢٠ شەهید سەر بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.