کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری وزەی ئەمریکا: ئێران هەوڵ دەدات ئابووریی جیهان بە بارمتە بگرێت

10:10 - 23 گەلاوێژ 2726

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات ئابووریی جیهان بە بارمتە بگرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە تاران پەیڕەوی لە ستراتێژییەکی شکستخواردوو دەکات کە ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی ڕێژیمەکەی.

کریس ڕایت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران کێشەی ئابووری بۆ ناوچەکە دروست دەکات، بەڵام توانای ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لە بەرانبەردا توانای ئەمریکا بۆ پاراستن و گواستنەوەی بەرهەمەکان لە ناوچەکەدا ڕوو لە زیادبوونە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە بوون کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو واشنگتۆن کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هۆرموزی لەدەستدایە.

وەزیری وزە ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا ڕۆژانە بە تێکڕا ٨ بۆ ٩ میلیۆن بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە.

ڕایت هەروەها گەشبینیی خۆی سەبارەت بە دابەزینی نرخی سووتەمەنی دەربڕی و ڕایگەیاند ئامانجی دەوڵەتی ترامپ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ دۆلار بۆ هەر گالۆنێکە و وتی ئەم بابەتە تەنیا پێویستی بە کات هەیە.