کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورشەلیم پۆست: تاران ڕێگری لە پرۆسەی چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات

10:33 - 23 گەلاوێژ 2726

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵەکانی بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران چڕ کردووەتەوە، بەڵام تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دەستێوەردانەکانییەوە ڕێگری لەم پرۆسەیە بکات یان لانیکەم وەدوای بخات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، زەیدی جەختی لەسەر ئامانجی حکوومەتەکەی کردووەتەوە کە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و وادەی ٨ی ڕەزبەر وەک دوا مۆڵەت دیاری کراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق.

لە بەرانبەردا، ڕێژیمی ئێران ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕەوانەی بەغدا کردووە تا لە ڕێگەی گوشارەوە ڕێگری لە هەڵوەشاندنەوە یان چەککردنی ئەم گرووپانە بکات.

هاوکات لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا، گرووپی "حەرەکەی نوجەبا" بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە ئامادە نییە چەکەکانی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکات.

ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان کە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ بە بەردەوامی لەلایەن ئەم گرووپانەوە بەر هێرشی دڕۆنی و مووشەکی کەوتوون و بەغداش جەخت لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەر لایەنێک دەکاتەوە کە پێبەندی بڕیاری چەککردن نەبێت.