کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزییەکانی یەمەن توندتر دەبنەوە؛ هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی حوسییەکان لە ئەلجەوف

12:12 - 23 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی په‌رەسەندنی گرژییە سەربازییەکاندا، هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن بە هێرشی دڕۆنی و چەکی پێشکەوتوو، چەندین بنکە، کۆبوونەوە و ماشینی چەکدارانی حوسییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای جەوف کردە ئامانج.

هاوکات سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرایان کرد کە حوسییەکان ئەمڕۆ هەینی بە چەند دڕۆنێک ناوچەکانی ڕۆژاوای یەمەنیان کردووەتە ئامانج. هاوکات لە بەرەی بەرح و ڕۆژاوای شاری مەخا پێکدادانی قورس لەنێوان هەردوو لادا ڕووی دا و هێزە حکومییەکان توانیان هێرشەکانی حوسییەکان تێکشکێنن.

قەیرانی یەمەن لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی پایتەخت لەلایەن حوسییەکانەوە لە ساڵی ٢٠١٤وە، وەک یەکێک لە قووڵترین قەیرانە سیاسی و مرۆییەکانی ناوچەکە ماوەتەوە.

لەم پێوەندییەدا، هانس گروندبێرگ، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، پێشتر هۆشداریی توندی داوە کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەقینەی گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادانی بەرفراوان بووەتەوە و ڕایگەیاند کە ئەگەر بێتوو لایەنەکان نەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوە مەترسیی فراوانبوونی ئاگری ئەم قەیرانە هەموو ناوچەکە ده‌گرێته‌وه‌.

شایانی باسە گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماوەی زیاتر لە مانگێکە بە فەرمانی سپای پاسداران گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر عەرەبستان و لە ئاکامدا چەندین کەشتیی بازرگانییان کردووەتە ئامانج و هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی یەمەن چڕتر کردووەتەوە.