کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حەماسی ڕاگەیاند

12:14 - 23 گەلاوێژ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە محەممەد بەسام محەممەد مشتەها، فەرماندەی یەکەیەک لە باڵی چەکداریی حەماس کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر لە ڕەوتی بارمتەگرتنی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلدا ڕۆڵی هەبووە، لە هێرشێکی ئاسمانیی ورددا بۆ سەر غەززە کوژراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە ئەم تێرۆریستەی حەماس لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی داوە هێرش دژی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتییە مەدەنییەکان ئەنجام بدات.

هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل پێداگری کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن و لەو ناوچەیەدا دەمێننەوە.

کوژرانی ئەم فەرماندەیە لە چوارچێوەی زەنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئامانجداردا بووە کە ئیسرائیل دژی سەرکردە مەیدانییەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە غەززە ئەنجامی دەدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتنی نوێ بەردەوامن، بەڵام تاکوو ئێستا کاریگەریی تەواویان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە نەبووە و پێکدادانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە هەر بەردەوامە.

هەروەها بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەم حەفتەیەدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی دەستەی ئاشتی لەمەڕ غەززە ڕەت دەکاتەوە و جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی گرووپی حەماس بە تەواوەتی چەکەکانی ڕادەست نەکات، هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە پاشەکشە ناکەن.