مامۆستایان و زانایانی ئایینیی شاری بانە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، وتە و سووکایەتییەکانی بەناو مەلای یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارەیان بەرانبەر کوردانی ئێزەدیی هەرێمی کوردستان بەتوندی مەحکووم کرد و بێزاریی خۆیان لەو جۆرە ئەدەبیاتە ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی کەرامەتی مرۆیی، ڕێزگرتن لە هەموو ئاین و مەزهەبەکان کراوەتەوە.
زانایانی بانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە مینبەری نوێژی هەینی شوێنی بانگەوازکردنە بۆ تەقوا، ئەخلاق و یەکگرتوویی، نەک دروستکردنی ڕق و دوژمنایەتی لە نێوان پێکهاتەکاندا.
مامۆستایانی ئایینی ئاماژەیان بەوەش کردووە کە کوردانی ئێزەدی بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوو و کۆمەڵگەی کوردستانن و جیاوازیی باوەڕی ئایینی ڕێگە بە هیچ جۆرە بێڕێزییەک نادات.
ئەو مامۆستایانە هەروەها داوایان لە وتاربێژان کرد لەم بارودۆخە هەستیارەدا زمانی دانایی و یەکگرتوویی هەڵبژێرن.
لە کۆتاییدا، زانایانی بانە داوایان لە خەڵکی ڕۆشنبیری کوردستان کردووە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن و ڕێگە نەدەن وتەی نابەرپرسانەی تاکەکەسێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە مێژوویی و برایانەکەی نێوان پێکهاتەکان دابنێت.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەناو مەلایەکی توندئاژۆ بەناوی "ڕامین ساڵحزادە" بە ئەدەبیاتێکی نەشیاو و نزیک لە داگیرکەران هەڕەشەی لەنێوبردنی پەیرەوانی ئێزەدی کردبوو کە بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردستانن، کە ئەمە کاردانەوەی توندی خەڵکی کوردستان و زانایانی ئایینی بەدوااوە بوو.