کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆینەری ڕێژیم: ئێران ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دەرمان بووەتەوە

13:36 - 23 گەلاوێژ 2726

هۆمایۆن نەجەف‌ ئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئێران ڕووبەڕووی کەمیی جیددیی دەرمان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان بووەتەوە.

نەجەف ‌ئابادی ڕوونی کردەوە کە کێشەی گواستنەوەی پارە، بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن و نائەمنی لە گەرووی هۆرمۆز بارودۆخی دابینکردنی دەرمانیان ئاڵۆزتر کردووە.

بەپێی دانپێدانانەکانی ئەو نۆینەرەی ڕێژیم، سیاسەتە شەڕخوازەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و دروستکردنی ئاڵۆزی لە گەرووی هۆرمۆزدا، تێچووی هاوردەکردنی دەرمانی بۆ هەشت ئەوەندە بەرز کردووەتەوە.

ئەم ئەندامەی مەجلیسی ڕێژیم هەروەها سەبارەت بە سەرهەڵدانی بازاڕی دەڵاڵی و قاچاخی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان لە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیە هۆشداریی دا.

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە دواکەوتنی ١١ مانگی لە پێدانی پارەی دەرمانخانەکان بووەتەوە هۆی ئەوەی کەرتی تایبەت ئامادە نەبێت دەرمانی تایبەت دابەش بکات.

نەجەف‌ ئابادی دانی بەوەدا نا کە بەهۆی گرانبوونی تێچووەکان و دژواریی دابینکردنی دارایی، هاوردەکردنی هەندێک دەرمانی گرنگ ڕاگیراوە و ئەمەش ڕاستەوخۆ ژیانی نەخۆشە تایبەتەکانی خستووەتە مەترسییەوە.