کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی مامۆستایانی ئێران پەرەسەندنی سەرکوت و دەرکردنی مامۆستایانی مەحکووم کرد

13:38 - 23 گەلاوێژ 2726

کانوونی پیشەییی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ شەڕی دەرەکی، دەسەڵات شەڕێکی یەکلایەنەی دژی کۆمەڵگە و هێزە مەدەنییەکان دەستپێکردووە و لە ڕێگەی زۆرکردنی سێدارەکان، حوکمی قورس و دروستکردنی کەشی ترس، سەرکوتی مامۆستایان و چالاکوانانی پیشەیی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتوو کە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٦٠ مامۆستا و چالاکوانی پیشەیی ڕووبەڕووی بانگکردن، دەسبەسەرکردن، دوورخستنەوە، دەرکردن و بێبەشکردن لە کار بوونەتەوە.

ئەو کانوونە ئاماژەی بە سەپاندنی حوکمی زیندان، دوورخستنەوە و دەرکردن بۆ چەندین چالاکوان کردووە، لەوانە ئیرەج تۆبەئی ها، کەوکەب بداغی، شوکروڵڵا ئەحمەدی، مەجید کەریمی، غیاس نێعمەتی، فرووغ خوسرەوی و جەواد لەعل‌محەممەدی کە سەرەڕای ٢٣ ساڵ خزمەت لە کارەکەی دەر کراوە.

هەروەها بەیاننامەکە تیشکی خستووەتە سەر خراپیی دۆخی تەندروستیی مامۆستا زیندانییەکان لەوانە مەسعود فەرهیختە، ئەبولفەزل خۆران و ڕەزا ئەمانی‌فەر کە لە چاوەدێریی پزیشکی بێبەش کراون.

کانوونی مامۆستایانی ئێران جەختی کردەوە کە بەرگری لە بژێوی، داواکاریی پەروەردەی بەخۆڕایی و ئازادیی چالاکیی پیشەیی تاوان نین؛ هاوکات داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سەرکوتەکان، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم حوکمە دادوەری و ئیدارییەکان، ئازادکردنی بێ‌مەرجی مامۆستایانی زیندانی و بەفەرمی ناسینی مافی کۆبوونەوەی ئاشتییانەی کرد.