کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات

22:38 - 23 گەلاوێژ 2726

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان!

لە ٢٥ی گەلاوێژی هەموو ساڵێکدا، یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و ئازادیخوازی، بە جۆش و خرۆشەوە دەکرێتەوە.

٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژێکی دیاری مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردە، چونکە لەم ڕۆژەدا وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا پێک هات؛ ئەویش دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٥ی زایینی) بوو. لەم ڕۆژەدا بوو کە حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، لە شاری مەهاباد بە فەرمی دامەزرا. ئەمەش بڕیارێکی ستراتیژی بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی گەلی کورد بوو لە ڕێکخراوەیەکی ڕامیاریی پێشکەوتوودا.

ئەم ڕووداوە گرینگە، بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شێوازی نەریتی و ڕاپەڕینی عەشایەرییەوە گواستەوە بۆ خەباتی ڕێکخراو و حیزبیی هاوچەرخ؛ بە جۆرێک کە بتوانێت نوێنەرایەتیی ویست و داخوازییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ بکات، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان تەنیا پشت بە ڕاپەڕینی چەکداری نەبەستێت و بە شێوەیەکی سیستماتیک و دامەزراوەیی، ڕەهەندەکانی سیاسی، فەرهەنگی و نەتەوەیی خەبات ئاوێتەی یەکتر بکات و بەرەو خەباتێکی گشتگیر و سەرانسەری بەرەوپێشی ببات.

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تەنیا پێکهاتنی ڕێکخراوێکی سیاسیی نوێ نەبوو، بەڵکوو گۆڕانێکی سیاسی و کولتووریی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. حیزب تەنیا چەند مانگ دوای دامەزرانی، پێکهاتنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. نەتەوەی کورد لەم بەشە لە نیشتمانەکەی بوو بە خاوەنی سەرۆککۆمار و کابینەی وەزیران و سوپای میللی پێک هات، زمانی کوردی بوو بە زمانی فەرمی و پەروەردە بەو زمانە لە قوتابخانەکان دەستی پێکرد. ڕۆژنامەنووسیی کوردی بووژانەوەیەکی بێوێنەی لەم بەشەی کوردستان بەخۆیەوە دیت و ڕێز لە مافەکانی کەمینە نەتەوەیی، ئایینی و زمانییەکان گیرا.

یەکێک لە دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان لەو سەردەمدا، گرنگیدانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و سەرۆکایەتیی کۆماری کوردستان بە توێژەکانی ژنان، خوێندکاران، لاوان و منداڵان بوو. ئەمە نیشانەی تێگەیشتنی بەرز و پێشکەوتوویی فیکریی ئەو ڕێبەرایەتییە بوو کە پێی وابوو پێشکەوتنی کۆمەڵ و بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان، بێ گەشەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرکەوتوو نابێت.

لە دوای زیاتر لە هەشت دەیە خەبات و تێکۆشان، حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەی تووشی هەوراز و نشێوی جۆراوجۆر بووە، ڕێبەرانی گەورە و لێوەشاوەی وەک قازی محەمەد، د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی و هەزاران تێکۆشەری لێهاتووی لە مەیدانی خەباتدا شەهید بوون. خەباتکارانی ئەو حیزبە تووشی ئاوارەیی لە زێد و نیشتمانی خۆیان بوون، بەڵام ئەم حیزبە هەمیشە سیمبولی بەردەوامی، خۆڕاگری و شێلگیری بووە لەسەر ئامانجەکانی. لە بەرامبەر ئاڵەنگارییەکاندا بەچۆکدا نەهاتووە و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە کایە سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا پاراستووە.

یادکردنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ دەکەینە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوە بۆ بەها نیشتمانییەکان، بەسەرکردنەوەی ئەزموونی ڕابردوو و داڕشتنی نەخشەڕێگەی نوێ بۆ داهاتووی کوردستان؛ بەتایبەتی ئێستا کە کۆمەڵگەی کوردستان لە قۆناغی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێدا دەژی و هیوا بۆ گەیشتن بە ئازادی زۆر نزیک بووەتەوە و بەهێزبوونی ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئێران ئاسۆیەکی گەشی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد.

لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و کڕنۆش بۆ سەرجەم شەهیدانی ئەم ڕێگە و ڕێبازە دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەرانی ماندوویی‌نەناسی دێموکرات دەنێرین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا دواهەناسە ڕێبواری ڕێگەی ئامانج و ئازادیی گەلین.

پیرۆز بێت ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی