کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بە لەناوبردنی پێنج کۆگای چەکوچۆڵی حەماس

17:29 - 10 گەلاوێژ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆیی "شاباک" ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی غەززەدا هێرشی بەربڵاو لە دژی گرووپی تێرۆریستیی حەماس ئەنجام دراوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە پێنج کۆگای چەکوچۆڵی گرووپی حەماس کە چەکی جۆری کڵاشینکۆف، ماددەی تەقینەوە، مووشەکهاوێژی دژە زرێپۆش، گولـلە و چەندین کەرەستەی سەربازیی تری تێدا هەڵگیرابوون، لەنێو براوە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباکدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو گرووپە ژێرخانی مەدەنی وەکوو کۆگای هەڵگرتنی کەرەستەی شەڕ و چەک و تەقەمەنی بەکار هێناوە؛ یەکێک لەم کۆگایانە لە نزیک نەخۆشخانەی "شەهیدانی ئەقسا" لە دێرەلبەلاح بووە و وەک پەناگەیەک بۆ چەکدارانی حەماس و کۆگاکردنی هەڵگرتنی چەک کەڵکی لێ وەرگیراوە.

ئەمەش نموونەیەکی تری بەکارهێنانی سیستەماتیکی ژێرخانی مەدەنی (وەک ناوەندە تەندروستییەکان) لەلایەن حەماسەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە سەربازییەکان بە ئەژمار دێت.

شاباک و ئەرتەشی ئیسرائیل ئامانج لەم هێرشەیان بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی پلانی هێرشکردن بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە پێش ئەنجامدانی هێرشەکان، چەند ڕێوشوێنێک بۆ کەمکردنەوەی زیانی مەدەنی گیراوەتەبەر؛ لەوانە دانی هۆشداری پێشوەختە بە دانیشتووان، بەکارهێنانی چەکی وردبین و چاودێریی چڕی ئاسمانی.

هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بە پێداگرییەوە ڕایگەیاند کە لەژێر فەرماندەیی باشووردا، لەو ناوچەیەدا جێگیر بوون و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەکی ئەمنی و هەڕەشەیەک لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن.

گرووپی تێرۆریستیی حەماس کە بە هەموو شێوەیەک لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی و پشتیوانی دەکرێت، بە یەکێک لە مەترسیدارترین و بەدناوترین گرووپە تێرۆسییەکانی جیهان بە ئەژمار دێت و لەلایەن دەیان وڵاتە خراوەتە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.