کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: بەم زووانە گەرووی هۆرمۆز وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا ڕادەگەیێنم

08:48 - 24 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتارێکدا لە ویلایەتی نیویۆرک رایگەیاند دوای شکستدانی کۆماری ئیسلامی، بەم زووانە گەرووی هۆرمۆز وەک "ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا" ڕادەگەیەنێت.

ترامپ جەختی کردەوە کە گەمارۆکانیان بەردەوامە و هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەمریکا ناتوانێت بچێتە ناو گەرووی هۆرمۆزەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەیە و کارەکانی ئەمریکا خزمەتێکی گەورەیە بۆ جیهان تا ڕێگە نەدرێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ چوار دۆلار، باجێکی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە تێرۆریزم و بە هیچ جۆرێک داوای لێبوردن لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەرسیۆنانە ناکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ ئیدیعای کرد کە لە هێرشەکاندا ۲۱۲ فڕۆکە و ١٥٩ کەشتیی ئێران تێکشکێنراون و و توانای بەرهەمهێنانی مووشەکیش ۸۲ لەسەد کەمی کردووە.

ترامپ باسی لەوەش کرد سەرکردایەتیی ئێران لەنێو چووە و کەسێک بۆ دانوستان نەماوەتەوە و ئێران تەنیا وڵاتێکە کە کەس نایهەوێ ببێت بە سەرۆککۆماری.

هاوکات دوای وتارەکە، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"ی ڕاگەیاند کە ترامپ سەبارەت بە ڕاگەیاندنی گەرووی هۆرمۆز وەک ناوچەی ئەمریکا تەنیا گاڵتەی کردووە و هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمیی لەوبارەیەوە لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئەنجام نەداوە.