وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕایگەیاند کە پێنج بەرپرسی باڵای ڕێژیمی ئێرانی بە تۆمەتی "تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆهەڵاتی نێوەڕاست" و "خستنە مەترسیی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز" خستووەتە لیستی سزاکانییەوە.
سزادراوەکان بریتین لە عەلی عەبدوڵڵاهی بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئیبراهیم زولفەقاری وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، ئیبراهیم عەزیزی بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم، شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سپا و حەمید حوسێنی وتەبێژی یەکیەتیی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکان.
لە بەیاننامەکەی کانادادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا بۆ بازرگانیی جیهانی و ئەمنییەتی وزە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
کانادا جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە ڕاستای هاواهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی کەشتیوانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە و بەردەوامیش دەبێت.
بەپێی بەیاننامەکە، کانادا کە پێشتر سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە، تا ئێستا سزای بەسەر ۲۳۲ کەسایەتی و ۲۶۰ دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندووە.
وەزارەتی دەرەوەی کانادا لە کۆتاییدا داوای لە تاران کردووە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی بگرێت و گرژییەکان کەم بکاتەوە.