شیرکەتی نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی (ئەدنۆک) بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە یەکێکی دیکە لە کەشتییەکانی لە کاتی تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆزدا کەوتووەتە بەر هێرش، ئەمەش دووەم ڕووداوی ئەمنییەتی بۆ ئەم شیرکەتە گەورەیەی وزەی ئێمارات لەم ئاوڕێگە گرنگە لەم حەفتەیەدایە.
شیرکەتی نەوتی ئەبووزەبی لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن هەواڵدەریی فەرمیی ئێماراتەوە بڵاو کراوەتەوە، جەختی کردەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و بارودۆخەکە بەتەواوی کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.
ئەو شیرکەتە ئاماژەی بە لایەنی بەرپرس لەم هێرشە نەکردووە و زانیاریی زیاتریشی سەبارەت بە جۆری کەشتییەکە یان زیانە ماددییەکان نەخستووەتە ڕوو.
هاوکات ئەدنۆک جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی سڵامەتی دەریاوانان، دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی ئەمنییەتی دەریایی کردووەتەوە.
ئەم ڕووداوە نوێیە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەش دەسەڵاتدارانی ئێمارات ڕایانگەیاندبوو، ئێران هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی دیکەی سەر بە شیرکەتی نەوتی ئەبووزەبی کە خەریکی تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز بوون.
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی گرژییەکانی ئەو دواییەدا، دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتی بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز و ئەمنییەتی وزەی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.