کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی شۆرای باڵای کار: مووچەی کرێکاران وڵامدەری تێچووەکانی ژیان نییە

09:34 - 24 گەلاوێژ 2726

موحسن باقری، ئەندامی گرووپی کرێکاری لە شۆرای باڵای کاری ئێران، ڕایگەیاند کە تێچووی سەبەتەی بژێویی کرێکاران بەراورد بە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دوو قات زیادی کردووە و مووچەی ئێستا وڵامدەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی بنەماڵە کرێکارییەکان نییە.

باقری لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا"، داوای لە شۆورای باڵای کار کرد بۆ پێداچوونەوە بە ئاستی مووچەکاندا بە خێرایی کۆ ببێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، خانوو، دەرمان و گواستنەوە، یارانە و کاڵابەرگ ناتوانن دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران قەرەبوو بکەنەوە.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان، لادانی دراوی پاڵپشتیکراو و لێکەوتەکانی شەڕ، گوشارێکی ڕاستەوخۆیان خستووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییان و پێویستە ڕێکارێک بۆ قەرەبووکردنەوەیان بگیرێتە بەر.

شۆرای باڵای کار لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەمی مووچەی مانگانەی کرێکارانی بۆ ساڵی نوێ بە ۱۶ میلیۆن و ۶۲۵ هەزار تمەن دیاری کردبوو، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی بانکی ناوەندی، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ۵۷.۷ لەسەد و ئەمەش توانای ماڵی کرێکارانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.