لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ٦ هاونیشتمانی لە شاری بۆکان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری مێهران لە ئیلامیش دوای سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی نادیارە.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپادا هاتووە کە "لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی و بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، دوو هاووڵاتیی تری کورد بە ناوەکانی «لوقمان قوربانی» و «مەحەمەد حاجیزادە» بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە".
پێشتریش هەواڵی دەسبەسەرکرانی ئومێد چاوباز، سدیق کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هادی عەزیزی، چالاکی مەدەنی و شوانە دیوازی بڵاو کرابووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ٣ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ئاریەن تەروەند»، لاوی ٢١ ساڵانی خەڵکی «مێهران»ی سەر بە پارێزگای ئیلامیشدا تێدەپەڕێ.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ناوبراو بە هەڵکوتانی هێزە بەناو ئەمنی و لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و لەکاتێکدا کە چاو و دەستەکانی بەسترابوونەوە، دەسبەسەر کراوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.