کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، حەوت ئەندامی حیزبوڵڵا کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون

10:29 - 24 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی نیشتمانیی لوبنان، لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە، لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕۆژی ئەمڕۆدا، ٧ ئەندامی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو هێرشەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل خانوویەکیان لە دەوروبەری ئاوایی ئەنەسار کە حیزبوڵڵا وەک بنکەیەکی سەربازی کەڵکی لێوەردەگرت، کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٧ ئەندامی ئەو گرووپە کوژران و سێ کەسی تریش بریندار بوون.

هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک خانوویان لە شارۆچکەی بێنتەجبێل لە نزیک سنووری ئیسرائیل و لوبنان تەقاندەوە.

لەو پێوەندییەدا، نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا، دوێنێ بەرپرسانی لوبنانیی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەدا، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەی خستووەتە ژێر گوشارەوە.

شایانی باسە لە ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبناندا باس لە چەکداماڵینی ئەو گرووپە تێرۆریستییە، کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لبنان و جێگیرکردنی ئەرتەشی لوبنان لەو ناوچەیەدا کراوە.

ئەم گرووپە چەکدارە تێرۆریستییە کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، سەرەڕای چەندین هێرشێکی خوێناوی دژی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، لە ٣٠ی جۆزەردانەوە بەرپرسیارەتیی هیچ هێرشێکی دژی ئیسرائیل نەگرتووەتە ئەستۆ.