هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاند کە "سپێهر ئەمیرزادە"، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "موحاربە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای ڕێژیم کراوە.
سپێهر ئەمیرزادە لە ۲۳ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا لە ئێسفەهان دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی دەستگردی ئەو شارە گوازراوەتەوە و تا ئێستاش لەوێ ڕاگیراوە.
سپێهر ئەمیرزادە، لەدایکبووی ساڵی ۱۳۸۲ی هەتاوی و خەڵکی ڕامهۆرمۆزی پارێزگای خووزستانە، کە وەک مامۆستا و ژەنیاری ئامێری "نەیئەنبان" لە شاری ئێسفەهان کاری کردووە.
خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو کە لە ٧ی بەفرانبارەوە لە بازاڕی تارانەوە دەستی پێکرد، بەخێرایی گەشەی سەند و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە.
لە ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون و هەروەها بە هەزاران کەس لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.